هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: عەبدوڵڵا شەریفزادە، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای ١٠مانگ بەندکردن دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، عەبدوڵڵا شەریفزادە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز و ئەندامی گرووپی شاخەوانیی “هەڵۆ”ـی ئەو شارە دوای بانگکردنی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەقز هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەر کرا و بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای ١٠ مانگ بەندکران کە پێشتر بەسەریدا سەپێندرابوو، گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی شاری سەقز.

ناوبراو مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی ڕێژیمی ئێران لە سەقز بە سەرۆکایەتی قازی “جەواد مستەفایی”، بەبێ‌ئامادەبوونی خۆی لە دادگا و بەتۆمەتی پڕۆپاگەندە بەدژی حکوومەت و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای ١٠ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.

جێی ئاماژەیە کە، عەبدوڵڵا شەریفزادە زستانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوو و دواتر بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرابوو.