پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی لەلایەن ڕێژیمەوە سزای ٦مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی بەندکراوانی سیاسیی کورد، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، بەتۆمەتی تێکدانی نەزمی بەندیخانە، سزای  ٦مانگ بەندکردنی تەعزیریان بەسەردا سەپێنراوە.

ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی مەهاباد و وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی سنە کە لە بەندیخانەی “ئێڤین”ـی تاران ڕاگیراون، لەلایەن دەزگای قەزایی و کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەتۆمەتی تێکدانی نەزمی بەندیخانە هەرکامیان سزای ٦مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

ئەو سزایە کە بەسەر ئەو دوو بەندکراوە سیاسییەدا سەپێندراوە، دوای ناڕەزایەتیی دەربڕینی بەشی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین بە لە سێدارەدانی “ڕەزا ڕەسایی” و تێکەڵچوون لەگەڵ پاسەوانانی بەندیخانەکە، بەسەریاندا سەپێندراوە و ڕۆژی ٢٨ی ئەم مانگە بەشێوەی فەرمی پێیان ڕاگەیاندراوە.

شایانی باسە کە، وریشە مورادی، ژنە چالاکوانی خەڵكی شاری سنە لە ڕۆژی ١٩ی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵەوە بەتۆمەتی “بەغی” لە بەندیخانەی ئێڤین بەند کراوە و هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان، بۆ كاتێكی نادیار مانی لە خواردن گرتووە.

هەروەها پەخشان عەزیزی، ژنە چالاكوانی خەڵكی شاری مەهاباد ڕۆژی  ٢ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوی، بەتۆمەتی “بەغی” و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماتی ئیسلامیی ئێران، سزای لەسێدارەدان و چوار بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.