چالاکێکی میدیایی خەڵکی سەقز لەلایەن ڕێژیمەوە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: مستەفا حەمدی، چالاکی میدیایی خەڵکی سەقز لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە، سزای ١٠ مانگ بەندکردن و ٧٠ زەربە قامچی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، مستەفا حەمدی، چالاکی مەدەنی، میدیایی و بەڕێوەبەری گرووپی پرسمان و کەمپینی خەڵکیی پرسمانی خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن لقی ١٠٥ی دادگای تاوانەکانی ٢ی کۆماری ئیسلامی لەو شارە بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی کۆبوونەوەی نایاسایی، سزای ١٠ مانگ بەندکردن و ٧٠ زەربە قامچی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو لە کۆتایی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانەوە لە سەقز بەتۆمەتی چالاکی تەبلیغی بەدژی حکوومەت، سزای ٣مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و دواتر ئەو سزایە گۆڕدرا بۆ پێبژاردنی پارە بە بڕی ٧ملیۆن تمەن و هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و مانگی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامییەوە لە سنە سزای ٢ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.