دەسبەسەرکردنی بەکۆمەڵی ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: زیاتر لە ٣٠کەس لە ئەندامانی سەوزی چیای مەریوان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٩ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری مەریوان، هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و زیاتر لە ٣٠کەسی ئەندامی ئەو ئەنجومەنەیان دەسبەسەر و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەوانەی کە دەسبەسەر کراون هەموویان چالاکی ژینگەپارێزی و مەدەنین لە کاتی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجومەنەکەدا بووە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵیانکوتاوەتە سەریان دەسبەسەر و گواستوویاننەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

شایانی باسە کە، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاتژمێرەکانی داهاتوودا، لەسەر ئەم ڕووداوە زانیاریی زۆرتر دەخاتە ڕوو و هەروەها ناوی دەسبەسەرکراوان و هۆکاری دەسبەسەرکردنیان ئاشکرا دەکا.