پشتیوانی لە بانگەوازی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین بۆ مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خەرمانان

کۆمەڵانی بەشەرەفی خەڵکی کوردستان!
هەروەک ئاگادارن یەکەمین ساڵیادی شەهیدکرانی خاتوو ژینا ئەمینی نزیکە و بۆ ئەم مەبەستەش سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان خەریکی هاوئاهەنگی و خۆ ڕێکخستنەوەن تاکوو ئەم ساڵیادەش وەک ڕۆژی شەهید کرانی بکەنەوە دەرفەت بۆ دەربڕینی ڕقی خۆیان لە دەسەڵاتی ژن کوژ و منداڵکووژی کۆماری ئیسلامی.

لاوان و ژنان و خوێندکارانی شۆڕشگێڕ!
بنەماڵەی بەڕێزی زیندانییانی سیاسی!
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە پێشەنگە لە تێرۆر و قەتڵ و ئەشکەنجە و دەسبەسەرکردنی خەڵکی بێ تاوان، ئەمجارەش بە دەسبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنی و لاوان و ژنانی ئازادیخواز، بەتەمایە خەڵک چاوترسێن بکات بۆوەی پێش بە سەرهەڵدانەوەی شەپۆلی نوێی شۆڕشی ژینا بگرێت. هەربۆیە جارێکی دیکە بە یەکگرتووییمان پیلان و چەواشەکارییەکانی دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی پووچەڵ دەکەینەوە و پشتیوانی لە داواکاری حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات دەکەین سەبارەت بە مانگرتنی گشتیی ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان و داوا دەکەین کە بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان و سەردانی گڵکۆی ژینای شەهید، یادی ژینا و شەهیدانی ئەم شۆڕشە بەرز ڕابگرن و بە وەڕێخستنی خۆپیشاندان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان ویست و داوا ڕەواکانی نەتەوەکەمان جارێکی دیکە بە بیر جیهانیان بێننەوە و سەرنجی کۆمەڵگای جیهانی بهێننەوە سەر پرسی کورد.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

١٩ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی