دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی

خۆڕاگری: کەیوان نەبی، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار و دەسبەسەرکراوی شۆڕشی ژینا کە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، بۆ جێبەجێکردنی ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، کەیوان نەبی، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار، لە درێژەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەسبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە، سزای ٦ساڵ و ٣مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی، گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی شاری نەغەدە.

کەیوان نەبی، دوای بانگکرانی بۆ دادسەرای بەڕێوەچوونی سزاکانی ڕێژیم لە پیرانشار بەمەبەستی پێڕاگەیاندنی سزاکەی، هەر لەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی شاری نەغەدە کرا و هەروەها پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە مەهاباد، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی سزای ٣٢ مانگ بەندکردن و بە تۆمەتی پێکهێنانی باند و گرووپ بەدژی ئاسایشی گشتی سزای ٤٣ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە کە سەرجەم سزای ٦ ساڵ و ٣ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

شایانی باسە کە کەیوانی نەبی، ڕۆژی شەممە، ٢١ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی و بە شێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا و پاش ماوەیەک لە گرتنگەی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ورمێ و پیرانشار، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە و دواجار بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتیی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لەو بەندیخانەیە ئازاد کرا.