خۆڕاگری: سیرووس و ئازاد عەباسی، دوو چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری دێولان کە برای یەکترن، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، سیرووس عەباسی و ئازاد عەباسی، دوو برا و چالاکی مەدەنی و فەرهەنگیی ناسراوی خەڵکی شاری دێولان، دوای ئەوەیکە لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە بانگ کراون، دەستبەجێ لەو ناوەندە سەرکوتکەرە دەسبەسەر کراون و ئەو دوو برایە ساڵی ڕابردووش لە درێژەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا دەسبەسەر کراون و سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.
سیرووس عەباسی، چالاکی مەدەنی و فەرهەنگی و ئازاد عەباسی، چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی خەڵکی شاری دێولان، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە بانگ کراون و سەردانی ئەو ناوەندە سەرکوتکەرەیان کردووە هەر لەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کراون و فەریدە وەیسی، هاوژینی سیرووس عەباسی، لە لاپەڕەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامی خۆی نووسیویەتی: ئەو دوو چالاکە فەرهەنگییە بەهۆی ئەوەیکە پاشگەز نەبوونەتەوە لە هەڵوێست و کار و چالاکییەکانیان، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کراون.
دەستبەسەرکردنی ئەم دوو برا چالاکە مەدەنییە لەکاتێکدایە کە، مۆڵەتی فەرمیی چالاکیی ڕێکخراوی زانستی کوردستان لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی کۆماری ئیسلامییەوە هەڵوەشاوەتەوە و ئەو ڕێکخراوەیە ساڵی ٢٧١٧ی کوردی لەلایەن فەریدە وەیسی و سیرووس عەباسی، دوو هاوژینی خەڵکی شاری دێولان دامەزرا و لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا لە بواری پەروەردە، فەرهەنگی، بارهێنان و ڕاهێنان چالاکییان کردووە.