خۆڕاگری: گوڵاڵە وەتەندووست، پارێزەرانی پلە ١ی دادگوستەری و چالاکی بواری مافەکانی ژنانی خەڵکی مەریوان، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە، سزای ٦ ساڵ و ٧ مانگ و ٢٠ ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: گوڵاڵە وەتەندووست، یەکێک لە پارێزەرانی پلە ١کی دادگوستەریە لە شاری مەریوان وئەندامێکی چالاکی بواری مافەکانی ژنانە، لەلایەن لقی ١کی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە سنە، بە تۆمەتگەلی وەکوو چالاکی تەبلیغی بەدژی حکوومەت، کردەوەی دژبە ئاسایشی گشتی و ئەندامبوون لە حیزبە دژبەرەکانی ڕێژیم، سزای ٦ ساڵ و ٧ مانگ و ٢٠ ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
گوڵاڵە وەتەندووست ڕۆژی دووشەممە، ١١ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو لە درێژەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری سنە دەسبەسەر کرا و پاش تێپەڕبوونی یەک مانگ بەدانانی بارمتە بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا و هەروەها لە ماوەی ساڵانی ڕابردووشدا چەند جارێک بانگ کراوە و لێپرسینەوە و هەڕەشەی لێکراوە.