دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ناسر عەلیپوور و ڕێبوار کووهگەرد، دوو هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، ناسر عەلیپوور و ڕێبوار کووهگەرد دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارە، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتڵاعاتی ڕێژیمی ئێران بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو دوو هاووڵاتییە و وێڕای دەسبەسەرکردنیان دەستیان بەسەر کەلوپەلە تایبەتییەکانیشیاندا گرتووە و تائێستاش هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.