دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان بەناوی “ئازارم سەبزی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری بۆکان هەڵیانکواوەتە سەرماڵی “ئارام سەبزی”، هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

٣٠چەکداری ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران بەشێوەیەکی دڕەندانە ماڵی ئەو هاووڵاتییەیان پشکنیوە و لەگەڵ دەسبەسەرکردنیشی دەستیان بەسەر کەلوپەلە تایبەتییەکانیشیدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە و هەروەها سەرەڕای ئەوانەش بەنێوماڵ کەوتوون دەرگا و پەنجەرە و وەیالی نێوماڵەکەشیان شکاندووە.

جێی ئاماژەیە کە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر ئەو هەڵکوتانەسەر و هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەروەها ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەو شارە هیچ وڵامێکی ئەو بنەماڵەیان نەداوەتەوە.