دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی بانە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ڕەزا عەلایی، دەرهێنەری فیلم و خەڵکی بانە کە ٢ڕۆژە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری بانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ڕەزا عەلایی، فیلمساز و دەرهێنەری خەڵکی ئەو شارە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ لە کاتی دەسبەسەرکردنی ناوبراو و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی، تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.

شایانی باسە کە، ڕەزا عەلایی، دەرهێنەر و فیلمسازی خەڵکی بانە، تا ئێستا لەسەر بەرهەمهێنانی چەند فیلمی کورت و درێژ کاری کردووە و یەک لەوان بەناوی “زەوییە پیسەکان” توانیویەتی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کەن بەشداری بکات.