هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: ئیسماعیل پوورئیبراهیم، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان، بەشێوەی کاتیی و بەدانانی بارمتە ئازاد کرا.

ڕۆژی هەینی ٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ئیسماعیل پوورئیبراهیم، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی ​​خەڵکی شاری بۆكان و مامۆستای ئابووری لە زانکۆی ئازاد، پاش زیاتر لە ٣مانگ دەسبەسەربوون، لە گرتنگەیەکی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە ورمێ، بەدانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کراوە.

ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی جۆزەردانی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، بەشێوەیەکی دڕەندانە و بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کرا و تا ماوەیەکی زۆر بێسەروشوێن بوو.

جێی ئاماژەیە کە، تائێستاش هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی لە بەردەستدا نیییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکیان بە بنەماڵەکەی نەداوە.