دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

خۆڕاگری: زانیاری ئەفسەری، هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان لەلایەن ئیتلاعاتی کۆمات ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراو و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی هەوالی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، زانیار ئەفسەری، خەڵکی گوندی “نێ”ـی سەربە شاری مەریوان دوای دەسبەسەرکردنی براکەی، بەناوی “کامران ئەفسەری” و مەرجدارکردنی ئازادکردنی ناوبراو بە ڕادەستکردنەوەی زانیار، خۆی ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم کرد و دواتر دەسبەجێ لەوێ دەسبەسەر کرا و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بنەماڵەی ناوبراو لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە بانگ کراون و پێیان ڕاگەیەندراوە کە بە مەبەستی ئازادکردنی “کامران ئەفسەری” برای، زانیار ئەفسەری ڕادەست بکەن و کادیرێکی ئیتلاعات بە ناوبانگی “محەممەدی” هەڕەشەی کوشتنی کامران ئەفسەری لە ئەگەری ڕادەستنەکردنەوەی زانیار لەو بنەماڵەیە کردبوو کە بەو هۆیەوە زانیار خۆی ڕادەست کردووە و دەسبەسەر کراوە.

جێی ئاماژەیە کە کامران ئەفسەری، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەرمانان ئەمساڵ لە ئاکامی هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ماڵەکەیان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەر کرا و ڕۆژێک دواتر، دوای هەڕەشەکردن لە بنەماڵەکەی و ڕادەستکردنی “زانیار”ـی برای ئازاد کرا.