گوشاری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر چالاکانی پیشەیی مامۆستایان لە سنە

خۆڕاگری: لە نزیکبوونەوەی دووەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا چواردە چالاکی ئەندامی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان، لقی سنە، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە هەڕەشەیان لێ کراوە.

ڕۆژی هەینی، ٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: لە بەرەبەری نزیکبوونەوەی دووهەمین ساڵرۆژی شەهیدکردن ژینا ئەمینی، لەلایەن ڕێژیمەوە، ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ئەو ڕێژیمەوە لە درێژەی گوشارەکانی لە شاری سنە ١٤چالاکی پیشەیی مامۆستایانی بانگ کردووە و هەڕەشەی لێکردووە کە بریتین لە: فاتمە زەندکەریمی، نەسرین کەریمی، سەلاح حاجی‌میرزایی، فەیسەل نووری، مەجید کەریمی، ڕەزا تەهماسبی، شەهریار نادری، بێهزاد قەوامی، محەممەدڕەزا مورادی، ئارام ئیبراهیمی، سادق کەنعانی، ڕزگار حەیدەری، غەیاس نێعمەتی و کورش عێزەتی‌ئەمینی.

ئەو چالاکانە بە تۆمەتی وەکوو چالاکی تەبلیغی بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تێکدانی ئاسایشی گشتی و پێکهێنانی باند و گرووپ بەدژی ئاسایشی ئێران بانگ کراون و ئاداگار کراون کە دەبێ بەیانی (ڕۆژی شەممە، ٢٤ی خەرمانان) خۆیان بە ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنە بناسێنن.

جێێ ئاماژەیە کە، لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی شۆڕشی سەرانسەریی ژن ژیان ئازادی، ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی کوردستان بەهۆی پاڵپشتی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، بۆ ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی بانگ کراون و دەسبەسەر کرابوون و هەروەها سزای بەندکردنیشیان بەسەردا سەپیندراوە.