دوو برای بەندکراوی خەڵکی بۆکان بە پێبەندی ئەلیکترۆنیکی ئازاد کران

خۆڕاگری:  وەلی و عەلی گوڵحمەممەدی، دوو برای بەندکراوی خەڵکی بۆکان، کە هاوینی ئەمساڵ بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەیان ڕەوانەی بەندیخانە کران، بە پێبەندی ئەلیکترۆنیک ئازاد کراون.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، وەلی گوڵمحەممەدی و عەلی گوڵمحەممەدی، لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینان و ماوەی چوار مانگ و ٩٤ڕۆژ لە دەورەی بەندکردنیان بە پێبەندی ئەلیکترۆنییەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان ئازادکراون و ڕەوانەی ماڵەوە بوون.

وەلی گوڵمحەممەدی، مانگی گوڵانی ئەمساڵ لەلایەن لەقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی ٢ی ڕێژیمەوە لە بۆکان بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم سزای یەک ساڵ بەندکردن و هەروەها عەلی گوڵمحەممەدیش لەلایەن لەقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی ڕێژیمەوە لەو شارە بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم و بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان سزای ٣٢ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

جێی ئاماژەیە کە ئەو دوو برا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەرکران و پاش نزیکەی یەک ماند مانەوە، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەیان لە بەندیخانەی ئازا کران.