سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر مامۆستایەکی ئایینی خەڵکی پاوە

خۆڕاگری: مامۆستا هادی ئەحمەدی، مامۆستای ئایینی خەڵکی پاوە، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١١ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، مامۆستا هادی ئەحمەدی، پێشنوێژ و مامۆستای قوتابخانەی زانستە ئاینییەکانی شەمسولعارفینی گوندی “نجاڕ”ـی سەربە شاری پاوە، لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی ڕێژیم لە کرماشان، بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە بەدژی نیزام” سزای شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

شایانی باسە کە، مامۆستا هادی ئەحمەدی ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی کۆماری ئیسلامی لە کرماشان بەمەبەستی لێپێچینەوە و لێکۆڵینەوە بانگ کرابوو و ڕۆژی شەممە ١١ی خەرمانان بە فەرمی سزاکەی پێ ڕاگەیەندرا.