دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: خالید مەولاننژاد، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕگری” ڕایگەیاند: ماوەی یەک حەوتوو لەمەوبەر، هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە ساری مەهاباد، خالید مەولاننژاد، هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیان دەسبەسەر و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا چارەنووسی ناڕوونە.

سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک حەوتوو بەسەر دەسبەسەرکردنی خالید مەولاننژاددا، تائێستا چارەنووسی ناڕوونە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی لەو ماوەیەدا بێ‌ئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە مەهاباد هیچ وڵامێکیان نەداونەتەوە و هەروەها هیچ زانیارییەکیش لەسەر شوێنی ڕاگیران، هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵی لە بەردەستدا نییە.

شایانی باسە کە، مەولاننژاد، رۆژی یەکشەممە، ٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها تائێستا هیچ پەیوەندییەکنی بە بنەماڵەکەیەوە نەکردووە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیش لەو بارەیەوە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکەی نەداوە.