دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: تاهیر کەتانی، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی، ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، تاهیر کەتانی، هاووڵاتیی تەمەن ٤٥ ساڵانی خەڵکی گوندی “لەج”ـی سەربە شاری مەهاباد، لەماوەی دوو سالی ڕابردوودا بۆ دووهەمینجا دەسبەسەر کراوە و هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە چەکدارەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردووە، لەکاتێکدا کە دوو ساڵ لەمەوبەریش بە هەمانشێوە دەسبەسەر کرابوو و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.