دەسبەسەرکردنی چوار چالاکی مەدەنیی یارسان و ئازادکردنیان پاش چەند کاتژمێرێک

خۆڕاگری: ئەمین عەباسی، خەیروڵڵا حەقجوویان، پاکزاد تاهیری و نەوشاد تاهیری، ٤ ئەندامی کۆڕی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و پاش لێپێچینەوەی چەند کاتژمێری ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییەوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی، ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەمین عەباسی، خەیروڵڵا حەقجوویان، پاکزاد تاهیری و نەوشاد تاهیری چوار هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان و ئەندامی کۆڕی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان لە خاڵی پشکنینی “پاتاق”ـی جادەی سەرپێڵ‌زەهاو بۆ کرماشان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کران و دواتر کە مۆبایلەکانیان لێ زەوت کرابوون، دوای چەند کاتژمێر لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە ئازاد کران.

ئەو چوار چالاکە لە کاتی گەڕانەوەیان لە شاری قەسری شیرین بۆ کرماشان و کە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ “سیاوەش حەیاتی” وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان و بەڕێوەبەری بەرەی یەکگرتووی کورد کە لە ئێستادا بە شێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کراوە چووبوون بۆ سەردانکردنی، دەسبەسەر کران و پاش چەند کاتژمێر ڕاگیران و لێکۆڵینەوە ئازاد کران.