دەسبەسەرکراوێکی شۆڕشی ژینا بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە

خۆڕاگری: ئەیووب ئاغاڵیانی، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ و لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژیان، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەیووب ئاغاڵیانی، هاووڵاتیی تەمەن ٢٢ساڵانی خەڵکی شاری شنۆ، پاش بانگکردنی بۆ لقی بەڕێوەچوونی سزای تاوانباری دادسەرای گشتی و ئینقلابی کۆماری ئیسلامی لەو شارە، دەسبەسەر بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.

ئەیووب ئاغاڵیانی، ڕۆژی ٢٥ی بەفرانباری ١٤٠١ی هەتاوی، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی کۆماری ئیسلامییەوە لە شاری شنۆ، سزای ١٠ساڵ و شەش مانگ و ٧٠زەربە قامچی بەسەردا سەپیندرا و هەروەها ناوبراو مافی ئەوەی پێ‌نەدراوە کە پارێزەری هەبێ و ئاغاڵیانی بەتۆمەتی دروستکردنی دەستە و گرووپ بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی و تێکدانی سامانی گشتی مەحکووم کرد.