سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر خاتوونێکی خەڵکی سەقز لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: شەهلا چووپانی، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز کە ئەمساڵ بۆ ماوەیەک لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو، سزای ٣مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: شەهلا چووپانی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن لقی ١٠۵ی دادگای تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لەو شارە بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییە دژبەرەکانی ڕێژیمی ئێران، سزای سێ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

شەهل چووپانی، لەو ماوەیەی کە دەسبەسەر کرابوو، لە دەستپێڕاگەیشتن بە مافە سەرەتایییەکانی وەکوو هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە و هەروەها ڕۆژی دووشەممە، ٥ی پووشپەڕی ئەمساڵ، هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتێ ڕێژیم لە شارۆچکەی “قەوخ”ـی سەربە شاری سەقز، هەڵیانکوتاوە سەر ماڵی شەهلا چووپانی و دەسبەسەریان کردووە.

جێی ئاماژەیە کە، دوای دەسبەسەرکردنی ناوبراو و گواستنەوەی بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە، دواجار بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتیی تا کۆتایی دادگاییکردنەکەی لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی کۆماری ئیسلامی لەو شارە ئازاد کرا.