نازیلا مەعرووفیان، لەلایەن دادگای کۆماری ئیسلامییەوە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: نازیلا مەعرووفیان، کچە ڕۆژنامەنووسی خەڵکی شاری سەقز و دانیشتووی تاران، دوای پێنج ڕۆژ دەسبەسەربوون و مانگرتن، سزای بەندکردن و پێبژاردنی بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە،١٢ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، نازیلا مەعرووفیان، ڕۆژنامەنووس و خوێندکاری خەڵکی سەقز ودانیشتووی شاری تاران، پاش چوارجار دەسبەسەرکردن کە کۆتا جار پێنج ڕۆژ دەسبەسەر کرابوو و لەو ماوەدا مانی لە خواردن گرتووە و لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە مامەڵەی لەگەڵ کراوە و هەروەها سزای یەک‌ساڵ بەندکردن و پێبژاردنی ١٥ملیۆن تمەنی نەغدی بەسەردا سەپێندراوە.

نازیلا مەعرووفیان، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی لە تاران، بە سەرۆکایەتی قازی “ئیمان ئەفشاری” بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیم و تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای یەک‌ساڵ بەندکردن و بڕی ١٥ملیۆن پێبژاردنی بەسەردا سەپێندراوە و هەروەها مەعرووفیان وتبووی: خۆ دەکرا هەر لە بەندیخانە سزاکەم پێ‌ڕابگەیەنن.