
لە ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان، کە وەک “ڕۆژی زیندانیانی سیاسی” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناسراوە، ڕێز دەگرین لە هەموو ئەوانەی کە بۆ ماف، ئازادی و شەرەفی خۆیان و نەتەوەکەیان خۆیان و ژیانیان لە زیندان و چاڵە ڕەشەکانی ڕێژیم دا فیدا کردووە.
ئەم ڕۆژە، وەبیرهێنانەوەی جەنایەتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ٥٩ لاوی قوربانی سێدارەی رژێمی کۆنەپەرەستی ئیسلامی لە مەهابادە و هەروەوها پەیامێکی ئازادیخوازانەیە بۆ هەموو جیهان، کە خۆڕاگری، بەرەوپێشچوون و سەربەخۆیی لە خۆ دەگرێت.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەک ڕێکخراوێکی کە باوەڕی بە بەشداری لە مەیدانی خەباتی یەکسانی نێوان ژنان و پیاوان، هەیە. لە پەنجا ساڵی ڕابردودا نیزیک بە دەیان ژنی لە چاڵە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی کەوتن و بەشێکیشیان لە سێدارە دران یان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست دا.
ژنی کورد بووە بە نموونەی ژنی خۆڕاگر لە هەموو جیهان بەتایبەت لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی کۆنەپەرستی ئیسلامیدا کە نموونەی بەرچاویان لە چەند ساڵی ڕابردوودا، سوعدا خەدیرزادە بوو کە لە بەندیخانە کۆرپەکەی لەدایک بوو و دوو ساڵی یەکەمی تەمەنی لەوێ بوو.
ژنانی کورد بەهۆی چالاکییەکی بەرچاو، وەک فێرکردنی زمانی کوردی، بەشداریی لە ڕێکخراوە مەدەنی، سێنفی و ژینگەپارێزی و یان پەیوەندیدار بە چالاکییە سیاسییەکان، بە شێوەیەکی ناحەق زیندانی کراون. ناویان وەک: زارا محەممەدی، سروە پوورمحەممەدی، پەخشان عەزیزی، وریشە مرادی و ژنانی تر، نیشانەیەکی ڕوونن لە ئەو توندوتیژیەی کە ڕێژێم بە شێوەیەکی تایبەتی دژی ژنان و بە تایبەت دژی ژنانی کورد بەکاری دەهێنێت. لەوانەدا زێنەب جەلالیان، کە چەندین ساڵە بەبێ تەنانەت مەرەخەسی یان مافی ڕەوای زیندانییەکی ئاسایی هەتا ئێستا کۆنترین زیندانی ژن لە ئێرانە و ئەوە خاڵێکی بەرچاوە بۆ نایاسایی و ڕفتاری نامرۆیی کە بەسەر ژنانی کورد لە بەندیخانەکانی ڕیژیم دەهێنرێت. ئەم ژنانە، نیشانەی ڕوونن لە بەردەوامی و خۆڕاگری، سەربەخۆیی، و تێکۆشان.
لەو چەندین ساڵەدا هەم بە بیانووی سیاسی و هەم کۆمەڵایەتی و مەدەنی ژنانی کورد کراونەتە بەندیخانەکانی ئێران و هەر ئەوەش بووە بە هۆکاری ئەوەی تەنانەت ژنی کورد لە بەندیخانەش ببێتە چقڵ بۆ چاوی هەموو دوژمنێکی کورد بەتانەت ڕیژیمی ئێران و هەر بۆیە هەر ئێستا بەندیخانەکانی ڕێژیم پڕن لە ئەو ژنانەی کە بۆ مافی خۆیان و نەتەوەکەیان تێکۆشاون. هەر بۆیە ڕێژیم بەوەش نەوەستاوە و زۆر جار ئەو ژنانەی کە بە تاوانی سیاسی دەستبەسەر کردووە تێکەڵ بەندی تاوانبارانی دیکەی کۆمەڵگەی کردوون تا بەو شێوەیە ئەشکەنجەی ڕووحیان بدا.
١٢ی جۆزەردان ڕۆژی زیندانیانی سیاسی دادەنێین بۆ بەرزڕاگرتنی خۆڕاگری زیندانییە سیاسییەکان و بەتایبەت ژنانی زیندانی کە بەردەوام لە خۆپیشاندان، و کاری مەدەنی و سیاسی و ژینگەپارێزی و بەتایبەت فێرگەکانی زمانی کوردی خەبات دەکەن و بۆ بەرز ڕاگرتنی مافی خۆیان شەڕیان کردووە و کەوتوونەتە بەندیخانە.
بەو هیوایەی هیچ کەسێکی بێ تاوان لە بەندیخانەکان نەمێنی
بڕۆخێ ڕێژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران