خۆڕاگری: عادڵ پیرۆزی، بەندکراوی سیاسی پێشوو خەڵکی مەریوان کە لەمدواییانەدا یەکساڵ سزای بەندکردنی بەسەردا سەپیندرابوو، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کراوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، عادڵ پیرۆزی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی گوندی “سەردۆش”ـی سەربە شاری مەریوان، دوای بانگردنی بۆ ئیدارەی جێبەجێکردنی سزاکانی کۆماری ئیسلامی لەو شارە، هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کراو بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای ١ساڵ بەندکردن گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری مەریوان.
ناوبراو ماوەی یەکمانگ لەمەوبەر، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە بەتۆمەتی هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و هەروەها ساڵی ڕابردووش کە دەسبەسەر کرابوو، لەماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو.