خۆڕاگری: وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی سنە لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە بەتۆمەتی “بەغی” سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی شاری سنە لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە بە سەرۆکایەتی قازی “ئەبولقاسم سەڵواتی” بەتۆمەتی “بەغی” سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و دانیشتنی دادگاییکردنی ناوبراو لە مانگەکانی جۆزەردان و ڕەزبەری ئەمساڵ بەڕێوە چوونە و بۆی نەبووە لە کاتی دادگاییکردنەکەدا بەرگری لەخۆی بکات.
پاش کۆتاییهاتنی دانیشتنەکانی دادگای کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی ئەم مانگە بەشێوەی فەرمی ئەو سزایە بە پارێزەرەکانی وریشە مورادی ڕاگەیەندراوە و لە ئێستادا لە بەندیخانەی ئێڤین بەندکراوە و هەروەها بەپێی زانیاریی شارەزایانیی یاسای سزادان، مادەی سزادانای وریشە مورادی مادەی ٢٨٨ـە کە ئەوپەڕی تاوانەکەی دەبێتە ١٥ساڵ بەندکردن، بەڵام “قازی سەڵواتی” لە بەخواستی خۆی و پێشێلکردنی یاسا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە.