خۆڕاگری: ناسر بەکرزادە، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل، سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دادگای ئینقلابی ئیسلامی ڕێژیمی ئێران لە شاری ورمێ بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل، سزای لەسێدارەدانی بەسەر ناسر بەکرزادە، هاووڵاتیی خەڵكی ئەو شارەدا سەپاند و لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابروودا ٤هاووڵاتیی کورد لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.
لە ئێستادا پێنج هاووڵاتیی کورد بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە و لە بەندیخانەی ناوەندی شاری ورمێ بەند کراون و پەروەندەکانیان ڕەوانەی باڵای کۆماری ئیسلامی لە تاران کراوە و هەروەها سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم داوای کردووە کە حەتمەن دەبێ ئەو سزایە بەسەر ئەو هاووڵاتییانەدا بسەپێندرێ و دواتر جێبەجێش بکرێ.