ورمێ: سزای سێدارەی شاکر بێهرووزی هەڵوەشایەوە

خۆڕاگری: لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دا سزای بەندکراوی سیاسی کوردی خەڵکی ورمێ بە ناوی “شاکر بێهرووزی”کە پێشتر سزای سێدارەی بەسەر دا سەپێندرا بوو لە لایەن دیوانی بەرزی وڵات هەڵوەشایەوە و رەزامەندی درا لە دادگایەکی تر دووبارە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دادگای بکرێتەوە.

جێگای ئاماژەیە “شاکر بێهروزی” ٢١ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٧هەتاوی دوایی جیا بوونەوە لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و لە کاتی گەڕانەوە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان دەستبەسەر و ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئیتلاعاتییەکانی شاری ورمێ کرا بوو.

ئەو هاووڵاتییە ماوەی یەک ساڵ و ٩ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی ناوەندە ئیتلاعاتییەکان لەژێر ئەشکەنجە دەستبەسەر کرا بوو هەتا دان بە تیرۆر کردنی ئەندامێکی سپای پاسداران بنێت بە ناوی مامل محەمەدی کە ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەشەممەی ١٣٩٧ی هەتاوی لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ بە دەستی کەسێکی نەناسراو کوژرا بوو.

ئەو هاووڵاتییە لە مانگی خەرمانانی ١٣٩٩ی هەتاوی بە تۆمەتی بەغی لە ڕێگەی هاوکاری لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییە کانی دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن دادگای ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر شێخلوو سزای سێدارەی بەسەر دا سەپێندرا.