بانگکردنی مامۆستایەکی ئایینیی خەڵکی پاوە بۆ دادگای تایبەتی ڕۆحانییەت

خۆڕاگری: مامۆستا مەلا هادی ئەحمەدی، وتاربێژ و وانەبێژی خەڵکی شاری پاوە، لەلایەن دادگای تایبەتی بە ڕۆحانییەتەوە بانگ کراوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، دادگای تایبەت بە ڕۆحانییەتی کۆماری ئیسلامی لە شاری پاوە، مامۆستا مەلا هادی ئەحمەدی، وتاربێژ و وانەبێژی قوتابخانەی زانست‌سیاسی دینیی “شەمسولعارفینی نەجاڕ”ـی ئەو شارەیان بە مەبەستی لێکۆڵینەوە بانگ کردووە.
جێی ئاماژەیە، لە دوێنێوە کە دادگای تایبتی ڕۆحانییەتی ڕێژیم لە پاوە، مامۆستا هادی ئەحمەدییان بانگ کردووە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەرهۆکاری بانگکردن و بارودۆخی لە بەردەستدا نییەوە، لە حاڵێکدا بنەماڵەکەی بەدواداچوونی زۆریان کردووە بەڵام هیچ زانیارییەکیان دەست نەکەوتووە.