بەندکراوێکی مەزهەبیی خەڵکی سەقز لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە درا

خۆڕاگری: فەرهاد سەلیمی، بەندکراوی مەزهەبیی خەڵکی سەقز، پاش ١٤ ساڵ بەندکردن لە بەندیخانەی قزڵحەساری لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە درا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، فەرهاد سەلیمی، بەندکراوی مەزهەبیی خەڵکی شاری سەقز کە ١٤هەمین ساڵی بەندکردنەکەی بێ دەستپێڕاگەیشتن بە مافی مەرەخەسی تێپەڕ کرد لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج لەسێدارە درا و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە لەکاتێکدایە کە پێش لە سێدارەدانی مافی دوایین چاوپێکەوتنیان بە بنەماڵەکەی نەداوە و ئەمڕۆ کە سەردانی بەندیخانەیان کردووە پێیان ڕاگەیەندراوە کە کوڕەکەیان لە سێدارە دراوە.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا سزای سێدارەی سێ کەسی دیکە لە هاودۆسیەکانی فەرهاد سەلیمی بە ناوەکانی قاسم ئابەستە، داود عەبدوڵڵاهی و ئەیووب کەریمی هەر لەو بەندیخانەیە جێبەجێ کراوە و هەروەها ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٨٨ی هەتاوی، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، قاسم ئابستە، خەسرەو بیشارەت، کامران شێخە و ئەیووب کەریمی،  لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەرکران و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ گوازرانەوە.

جێی ئاماژەیە کە، ئەو بەندکراوانە بەتۆمەتی کوژرانی “عەبدولڕەحیم تینا”، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی قازی “مەقیسە”  بەتۆمەتی وەکوو کردەوەی دژبە ئاسایشی گشتی، چالاکی تەبلیغی بەدژی حکوومەت، ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکان و “افساد فی الارض” سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.