خۆڕاگری: جەعفەر مەحموودی، هاووڵاتیی تەمەن ٦٤ساڵانی خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، جەعفەر مەحموودی، هاووڵاتیی بەساڵاچووی تەمەن ٦٤ساڵانی خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری مەهاباد بێ هیچ بەڵگەیەک هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کاری ئەو هاووڵاتییە بەساڵاچووە و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستاش چارەنووسی ناڕوونە.
جێی ئاماژەیە سەرەڕای هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەی ناوبراو کە بێئاکام ماوەتەوە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.