دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی ورمێ لەلایەن سپای پاسدارانەوە

خۆڕاگری: حەیدەر نیکنیا، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری ورمێ، دوای ئەوەیکە لەلایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە بانگ کراوە، هەر لەوێ دەسبەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زینداییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، ناوەندی هەواڵگری سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە شاری ورمێ، حەیدەر نیکنیا، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی “حەکی”ـی سەربە ناوچەی سیلوانای ئەو شارەی بانگ کردووە و دواتر هەر لەوێ دەسبەسەری کردووە.
بەپێی زانیارییەکان، حەیدەر نیکنیا لەلایەن هەواڵگریی سپای پاسدارانەوە بەوە تۆمەتبار کراوە کە هاوکاری یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی کردووە و دوای دەسبەسەربوونی، بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری ورمێ گوازراوەتەوە.