کچە ڕۆژنامەنووسێکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سەقز بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: نازیلا مەعرووفیان، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی شاری سەقز، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠میلیۆن تمەنی  و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆراگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، نازیلامەعرووفیان، خوێندکار و ڕۆژنامەنووسی خەڵکی شاری سەقز کە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن دادسەرای “ئێڤین” بانگ کرابوو و دواتر هەر لەوێ دەسبەسەر کرابوو، پاش ٣٦ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.

شایانی باسە کە، ڕۆژی شەممە، ١٧ی پووشپەڕی ئەمساڵ، نازیلا مەعرووفیان، کە لە درێژەی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادیدا دەسبەسەر کرابوو، دوای ئەوەیکە لەلایەن دادسەرای گشتیی  “ئێڤین”ـی تاران بانگ کرابوو و هەر لەوێ دەسبەجێ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرایەوە.