دوو هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی گیەڵان بەشێوەی کاتیی ئازاد کران

خۆڕاگری: موحسین ئیسفەندیاری‌تەبار و لوتفوڵڵا پەرویز، دوو چالاکی مەدەنیی خەڵکی گیەڵان، دوای چەند حەفتە ڕاگیران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتیی ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٣ی، موحسین ئیسفەندیاری‌تەبار چالاکوانی مەدەنیی خەڵکی شاری “گیەڵان”ـی سەربە کرماشان بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و لوتفوڵڵا پەرویز، چالاکوانی خەڵکی ئەو شارە بە دانانی بارمتەی ٢میلیارد تمەنی تا کاتی دادگاییکردنکەیان ئازاد کراون.

ئەم دوو چالاکە مەدەنییە، کە پێشتر لە لایەن لقی ١٦ی لێپرسینەوەی دادسەرای کۆماری ئیسلامی لە کرماشانەوە بە سەرۆکایەتیی قازی “ئارش بەهمەنی” تۆمەتی تێکدانی ڕای گشتی لێکۆڵینەوەیان لێکرابوو و مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لەسەر بەڕێوەبردنی دوو لاپەڕەی تێلگرام و ئینستاگرام، خرابوونە ژێر گوشارەوە و لە گرتنگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیرابوون.