دوو برای خاوەن پێداویستی تایبەت بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کران

خۆڕاگری: عەبدوڵڵا و مەحموود قەنبەریوەند، دوو برای خاوەن پێداویستیی تایبەتی خەڵکی پیرانشار، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردن دەسبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گوازرانەوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، عەبدوڵڵا قەنبەریوەند تەمەن ٥١ ساڵان و مەحموود قەنبەریوەند تەمەن ٤٨ ساڵان، دوو برای خاوەن پێداویستیی تایبەتی خەڵکی شاری پیرانشار کە لەژێر چاوەدێریی پزیشکی و دەرمانیدان و هەروەها لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینان، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٦ساڵ و حەوت مانگ بەندکردن دەسبەسەر گوازراونەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی شاری نەغەدە.

مەحموود قەنبەریوەند چەند ڕۆژ پێش گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی نەغەدە، بەهۆی ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستیی لە نەخۆشخانەی “خومەینی”ـی پیرانشار خەوێندرابوو و هەروەها عەبدوڵڵا قەنبەریوەندی براشی نەخۆشیی زەختی خوێنی هەیە و دۆخی تەندروستی جێگیر نییە.

ئەو دوو هاووڵاتییە بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە، سزای ٣٦ مانگ بەندکردن وبە تۆمەتی کردەوە دژبە ئاسایشی گشتی، سزای ٣ ساڵ و ٧ مانگ بەندکردن و هەرکامیان سەرجەم سزای شەش ساڵ و ٧مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، توندترین سزا واتە سزای ٣ ساڵ و ٧مانگ بەندکردنیان بۆ جێبەجێ دەکرێت و یەک لەسەر سێی ئەو سزایە بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵپەسێردراوە.

جێی ئاماژەیە کە ناوبراوان پێشتر بەتۆمەتی ئەوەیکە لە شۆڕشی ژینادا چەکی سارد و گەرمیان بەکار هێناوە دەسبەسەر کرابوون و سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرابوو کە بەهۆی نەبوونی بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی ئەو تۆمەتە، سزاکەیان ڕەت کرایەوە، بەڵام لە ئاکامدا بە تۆمەتگەلی دیکەی وەکوو کردەوەی دژبە ئاسایشی گشتی و ئەندامبوون لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای ٦ساڵ و ٧مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرایەوە و ئێستا بەمەبەستی جێبەجێکردنی ئەو سزایە دەسبەسەر  و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی شاری نەغەدە کراون.