بەندکراوێکی سیاسیی خەڵکی مەهاباد پاش تەواوبوونی ماوەی سزاکەی ئازاد کرا

خۆڕاگری: هادی ئەحمەدی‌ئازەر، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی مەهاباد، پاش تەواوکردنی ٤٥مانگ بەندکردن لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٣١ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی، هادی ئەحمەدی‌ئازەر، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی شاری مەهاباد، پاش ٤٥مانگ بەندکردن و کۆتایی هاتنی ماوەی سزاکەی کە لەکاتی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ دەسبەسەر و ئەو سزایەی بەسەردا سەپێندرا، لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد ئازاد کرا.

ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی ١ی دادسەرای سەربازیی ڕێژیمی ئێرانەوە لە ورمێ بەتۆمەتی سیخوڕی لەسەر کەسێکی سەربازیی، سزای ٥ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا کە ماوەی دەسبەسەربوونەکەشی بۆ هەژمار کرا و هەروەها لە بەندیخانەدا هیچ لێخۆشبوونێک نەگرتووەتەوە و لە وەرزی بەهار ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی لەکاتی خزمەتکردنی سەربازیی زۆرەملێ، لە یەکێک لە بنکەکانی سپای تێرۆریستی پاسدران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.