
خۆڕاگری: مێرمنداڵێکی خوێندکاری تەمەن ١٧ساڵانی خەڵكی بۆکان، بەناوی “ئێحسان هەمزەزادە” لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٣١ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئێحسان هەمزەزادە، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ساڵانی خەڵکی شاری بۆکان و خوێندکاری پۆلی ١١ی مەکتەبی مێعراج، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣ڕۆژ بەسەر دەسبەسەربوونیدا، چارەنووی نادیارە.
ناوبراو لەلایەن کتێبخانەی گشتی بۆکانەوە لەڕێگەی تەلەفوونەوە پەیوەندی پێوەکراوە کە سەردانی ئەو کتێبخانەیە بکات، پاش گەیشتنی بەوێ دەسبەجێ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوزراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.
Be the first to comment