
خۆڕاگری: محەممەد ڕەسووڵپوور، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی شنۆ لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە، دادگایی کرا و بۆ ماوەی شەش مانگ لە مافی مەرەخەسی بێبەش کراوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی، محەممەد ڕەسووڵپوور، بەندکراوی سیاسیی خەڵكی شاری شنۆ کە لەئێستادا لە بەندیخانەی ئەو شارەدا ڕاگیراوە، هاوکات لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی حکوومەت، دادگایی کراوە و بۆ ماوەی شەش مانگ بەهەموو شێوەیەک بێبەش کراوە لە مافی مەرەخەسی.
ناوبراو لە بەندیخانەوە بەشێوەی ڤیدیۆ کۆنفڕانس بەشداری کردووە لە دانیشتنی دادگا و بۆ ماوەی ٦مانگ بێبەش کراوە لە هەموو جۆرە مەرەخەسیەک و هەروەها ماوەی چوار مانگە بەتۆمەتی هاوشێوە لەلایەن لقێکی دیکەی دادگاکانی ڕێژیمەوە لە بەندیخانە ڕاگیراوە و تائێستا چەندجارێک داوای کردووە کە بەندکردنەکەی بۆ بکرێت بە نیوەکراوە کە ڕۆژانە تا نیوەڕۆ لە بەندیخانە بێت و پاش نیوەڕۆ بڕواتەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام ئەو داوایەی لەلایەن ئیتلاعاتەوە ڕەت کرایەوە.
جێی ئاماژەیەوە کە، خۆڕاگری پێشتر لەسەر دەسبەسەرکردن و بەندکردنی محەممەد ڕەسووڵپوور، هەواڵ و ڕاپۆرتی بڵاو کردۆتەوە و لەسەر ماڵەکەدا بەردەستە بۆ زانیاریی زیاتر.