سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵكی سەقز لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: بێهرووز فەیزی، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە ٨مانگ بەندکردنی بەسەر سەپێندرا.

ڕۆژی شەممە، ٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: بێهرووز فەیزی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری سەقز، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لەو شارە بە سەرۆكایەتی قازی “موجتەبا غەفاری” بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی حكوومەت لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، سزای ٨ مانگ بەندكردنی بەسەردا سەپێندراوە و دواتر یەک لەسەر دووی ئەو سزایە گۆڕدراوە بۆ پێبژاردنی ١٠ملیۆن تمەن پارە و چوار مانگ بەندکردن، چوار مانگ بەندکردنەکەشی بۆ ماوەی یەکساڵ هەڵپەسێردراوە.

ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە، ٤ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی شەممە، ١٨ی ڕەشەمەی هەمانساڵ، بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ملیۆنتمەنی و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد کرا.