دەسبەسەرکردنی دوو خوشکی خەڵکی سنە لەلایەن چەکدارانی ڕیژیمەوە

خۆڕاگری: هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە سنە، دوو خوشکی خوێندکاری خەڵکی ئەو شارەیان بەناوەکانی “زریان و زیلان مۆلایی” دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، زریان و زیلان مۆلایی، دوو خوشکی دووانەی خوێندکاری زانکۆی پیشەیی خەڵکی شاری سنە و تەمەن ٢١ساڵان، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکیان هەبێ، بە شێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی زریان و زیلان مۆلایی و لە دۆخێکی تۆقێنەردا ئەو دوو خۆشکەیان دەسبەسەر کردووە و هەروها تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.

شایانی باسە کە، زریان مۆلایی خوێندکاری تێرمی ١ی کارناسی ئەندازیاری تەلارسازی و زیلان خوێندکاری تێرمی دووی کارناسی ئەندازیاری تەلارسازی لە زانکۆی پیشەیی شاری سنەن.