خۆراگری: لانیکەم ١٢ هاووڵاتیی خەڵکی پارێزگای ئیلام، کە پێشتر دەسبەسەر کرابوون، دووبارە بانگی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کراون و دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” یەکشەممە، ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، لانیکەم ١٢ هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی دێلوڕان، ئاودانان و دەڕەشاری پارێزگای ئیلام، بانگی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کراون و دوای لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ناوەندیی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە پارێزگای ئیلام کراون.
ئەو هاووڵاتییانەی کە دەسبەسەر کراون بریتین لە: وەحیف چاوەران، ناسر ڕەزایی، نەعیم ڕەئیسی، محەممەد دانیاڵی و محەممەدحوسێن حاسڵی خەڵکی ئاودانان، سەفوورا مەلەکی، عەزیم یادگاری، حوسێن باپیروەند، سەعدوڵڵا ئایینی، فەرشاد ئایینی و سەعید جەمشیدی خەڵکی دێلوڕان و هەروەها دوکتور بەختیار محەممەدزادە خەڵکی دەڕەشار، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ جاری دووهەم بانگ کراون و هەر لەوێش دەسبەسەر کراون.