سەپاندنی سزای بەندکردن بە سەر هاووڵاتییەکی خەڵکی سەراوڵەدا

خۆراگری: دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی، سزای ٦ مانگ و ڕۆژ بەندکردنی بەسەر “فریشتە مەنسووری”، هاووڵاتیی خەڵکی سەراوڵەدا سەپاند.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: فریشتە مەنسووری، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری “سەراوڵە”ـی سەربە پارێزگای ئیلام کە لە سەرەتای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە و پێشتریش سزای شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپابوو.

لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ڕێژیم لەشاری “چەرداوڵ” بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە بە مەبەستی تێکدانی ڕای گشتی، سزای ٦ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکردنی بەسەر فریشتە مەنسووری‌دا سەپاندووە و هەروەها بەپێی بڕیاری ئەو سزایە، سیمکارتی تەلەفوونی مۆبایل و لاپەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ناوبراو دەستیان بەسەردا دەگیردرێت و پێویستە ناوبراو بۆ ماوەیەکی دیاریکراو سەردانی ناوەندە دەرمانییە دەروونناسییەکان بکات و پاشان نامەی تەندروستیی خۆی ڕادەستی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بکاتەوە.