مێرمنداڵێکی خەڵكی سنە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ساڵانی خەڵکی سنە بەناوی “پارسا ڕۆستەمی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی، پارسا ڕۆستەمی، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ساڵانی خەڵكی شاری سنە، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لەپێوەندی لەگەڵ مانگرتنی گشتیی ٣ی ڕێبەندان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەو مێرمنداڵە سەرەڕای تێپەڕبوونی ٥ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنیدا، تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکی نەداونەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانیی ئەو بنەماڵەیە.