هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان پاش حەفتەیەک دەسبەسەربوون هێشتا چارەنووسی ناڕوونە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان بەناوی “حەیدەر فەتاحی” حەفتەیەک لەمەوبەر لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە و تائێستا چارەنووسە نادیارە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی، حەیدەر فەتاحی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەریوان لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

سەرەڕای تێپەڕبوونی یەک حەفتە بەسەر دەسبەسەرکردنی ناوبردا، هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانیش لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکی ئەو بنەماڵەیان نەداوەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی نیگەرانییان.