هاووڵاتییەکی خەڵکی دێلوڕان بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: کیانووش چراغی، پێشتر سزای ٢ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی  لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی، کیانووش چراغی، هاووڵاتی خەڵکی دێلوڕان دوای ئەوەی لەلایەن ژووری جێبەجێکاری سزاکانی کۆماری ئیسلامی لەو شارە بانگ کرا، هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کرا و بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ٢ساڵەی سزاکەی گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام.

کیانووش چراغی، پێشتر فەرمانبەری ئیدارەی دابینکاری کۆمەڵایەتی ڕێژیمی ئێران بوو و لەو دوایییانەدا لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانەوە بەتۆمەتی هەوڵدان بەدژی ئاسایشی گشتی، سزای ٢ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.

جێی ئاماژەیە کە ناوبراو، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی ڕەزبەری ساڵی ڕابروو، لە ئاکامی هەڵکوتانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ماڵەکەی لە پەیوەندی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و لە ڕۆژانی نزیک لە ساڵیادی شەهیدکردنی ژینا ئەمینی، بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژیی دەسبەسەرکرابوو.