خۆڕاگری: دانیاڵ مامئەحمەد، مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵانی خەڵکی مەریوان لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە، سزای ٢ ساڵ بەندکردن و ٧٤ زەربە قامچی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی، دانیاڵ مامئەحمەد، مێرمنداڵی کۆڵبەری تەمەن ١٧ ساڵانی خەڵکی مەریوان، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمی ئێرانەوە لەو شارە، سزای ٢ ساڵ بەندکردن، ٧٤ زەربە قامچی و پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپێندرا، لەحاڵێکدا هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵی لە بەردەستدا نییە.
ناوبراو ڕۆژی شەممە ٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری “قوڵقوڵە”ـی مەریوان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا و لەو کاتەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی مەریوان دەسبەسەرە.