خۆڕاگری: ئایدا عەموویی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵی سنە و چالاکوانی ژنان، پاش نزیکەی ٢٠ڕۆژ ڕاگیران بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئایدا عەمووی هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی سنە و چالاکوانی بواری مافی ژنان، پاش ١٧ڕۆژ دەسبەسەربوون، بەدانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٦ملیاردتمەن و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرا.
ناوبراو ڕۆژی هەینی، ٢٧ی بەفرانباری ئەمساڵ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و لەماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو و هەروەها چەندجارێکیش لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفوونییەوە هەڕەشەی لێکراوە.