هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵكی سنە  بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: جەبار ئەوێهەنگی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سنە، پاش زیاتر لە ٢٠ڕۆژ ڕاگیران بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی، جەبار ئەوێهەنگی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی شاری سنە، پاش ٢٣ڕۆژ دەسبەسەربوون، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە یەکێک لە گرتنگەکانی ڕێژیم لەو شارە ئازاد کراوە.

ناوبراو ڕۆژی ٢٢ی بەفرانباری ئەمساڵ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و هەروەها تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.