ژمارەی هاووڵاتییانی سزادروای خەڵکی شنۆ بەرز بۆتەوە بۆ ١٣کەس

خۆڕاگری: پێشتر ٩هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا و ژمارەکە بۆ ٤کەسی دیکە بەرز بۆتەوە و بەوەش بەکۆی گشتی ١٣هاووڵاتیی سزای ٣٤ساڵ و ٥مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: ١٣ هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوەکانی “عەبدولکەریم کاکۆل، سولەیمان شاروێرانی، خدر عەبدوڵڵاهی، عوسمان هەمزەزادە، ئارام شەعبان، فەخرەدین پوودات، یەعقووب مەحموودی‌ئازەر، خۆشناو عەینی، پیرۆت تابناک، یووسف ڕەحمانی، فەرهەنگ کەرامەت، بەهمەن مەحموودی‌ئازەر و موحسین عەزیزی”، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە کۆی گشتی سزای ٣٤ ساڵ و ۵ مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

بەهمەن مەحموودی‌ئازەر، خەڵکی شنۆ و یەعقووب مەحموودی‌ئازەر، خەڵکی گوندی “سینگان”ـی سەربەو شارە، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە شنۆ بە سەرۆکایەتیی قازی “مەهدی ڕەزایی”، هەرکامەیان سزای ٧ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە و هەروەها خۆشناو عەینی و پیرۆت تابناک، خەڵکی گوندی “سینگان”ی شنۆ و موحسین عەزیزی، خەڵکی شاری شنۆ، هەرکامیان سزای ٢ ساڵ بەندکردن و فەرهەنگ کەرامەت، خەڵکی گوندی “سینگان”، سزای ٢ ساڵ و ۶ مانگ بەندکردن و یوسف ڕەحمانی، خەڵکی شاری شنۆ، سزای ٢ ساڵ و ۵ مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

لە درێژەی ئەو سزایانەدا، عەبدولکەریم کاکۆل، خەڵکی گوندی “حەسەننووران”ـی سەربە شاری شنۆ، سولەیمان شاروێرانی و خدر عەبدوڵڵاهی کە هەردووکیان دانیشتووی خەڵکی شنۆن، لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە بە سەرۆکایەتیی قازی “مەهدی ڕەزایی” هەرکامیان سزای ١ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە و ئارام شەعبان خەڵکی شنۆ، سزای ٣ ساڵ و ٣ مانگ بەندکردن و فەخرەدین پوودات، خەڵکی گوندی “بەیتەریان” و عوسمان هەمزەزادە، خەڵکی گوندی “قوڕوچای”ـی سەر بە شاری شنۆ، هەرکامیان سزای ٣ ساڵ و ٣ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

جێی ئاماژەیە کە، دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری شنۆ، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی و هاوکاریکردن لەگەڵیان، بە کۆی گشتی سزای ٣٤ ساڵ و ۵ مانگ بەندکردنی بەسەر ئەو ١٣هاووڵاتییەدا سەپاندووە و سەرجەمیان بەیەک تۆمەت سزا دراون.