ئازادبوون چالاکێکی کرێکاری بەندکراو پاش تێپەڕاندنی سزاکەی

خۆڕاگری: کامڕان ساختمانگەر، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، پاش ئەوەیکە ماوەی سزاکەی لە بەندیخانە تێپەڕاند، ئازاد بوو.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، کامڕان ساختمانگەر، چالاکی کرێکاری و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی ژینا، پاش ئەوەیکە لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە سزای پێبژاردنی بەسەردا سەپێندرابوو، بەپێی سزاکەی بۆ ماوەی ٧ڕۆژ بەندکرابوو و سزاکەی جێبەجێ کرد و ئەمڕۆ ئازاد کرا.

ناوبراو، ڕۆژی دووشەممە، ٦ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن لقی چواری جێبەجێکردنی سزاکانی ڕێژیم لە شاری سنە بانگ کراوە و هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کراوە و هەروەها پێشتریش لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی‌دا سزای پێبژاردنی بەرسەردا سەپێندراوە و بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کراوە.