سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر ٩هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: نۆ هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە کۆی گشتی سزای ٢٧ساڵ و ٥ مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی دووشەممە، ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لە ماوەی ڕابردوودا، ٩ هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوەکانی “یاقووب مەحموودی‌ئازەر، خۆشناو عەینی، پیرۆت تابناک، یوسف ڕەحمانی، خزر عەبدوڵڵاهی، بەهمەن مەحموودی‌ئازەر، موحسین عەزیزی، فەرهەنگ کەرامەت و عوسمان هەمزەزادە، لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە بە سەرۆکایەتیی قازی “مەهدی ڕەزایی”، بەکۆی گشتی سزای ٢٧ساڵ و ٥مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی سزای ٢٧ساڵ ٢ ٥مانگ بەندکردنی بەسەر ئەو ٩هاووڵاتییەدا سەپاندووە و ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی مانگی پووشپەرێ ئەمساڵ، ژمارەیەک لە هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکانیان و بەشێوەی دڕەندانە و بێڕێزیکردن دەسبەسەریان کردووە لەگەڵ خۆیان ڕفاندوویانن و پاش ماوەیەک ڕاگیران، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەیان ئازاد کراون.

شایانی باسە کە، ئەو سزایانەی کە بەسەر ئەو هاووڵاتییانەدا سەپێندراوە بەم شێوەیەیە: یەعقووب مەحموودی‌ئازەر ٧ساڵ بەندکردن، خۆشناو عەینی ٢ساڵ بەندکردن، پیرۆت تابناک ٢ساڵ بەندکردن، یوسف ڕەحمانی ٢ساڵ و ٥مانگ بەندکردن، خزر عبدوڵڵاهی ١ساڵ بەندکردن، فەرهەنگ کەرامەت ٢ساڵ و ٦مانگ بەندکردن، بەهمەن مەحموودی‌ئازەر ٧مانگ بەندکردن، موحسین عەزیزی ٢ساڵ بەندکردن و عوسمان هەمزەزادە ١ساڵ و ٦مانگ بەندکردن، کە سەرجەمیان سزای ٢٧ساڵ و ٥مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.